کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ململانێی واشنگتۆن و تاران؛ هێرشی بەرفراوان بۆ سەر خاکی ئێران و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە

09:27 - 25 پووشپەڕ 2726

پێنجەمین خولی هێرشە بەرفراوانەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی ئێران لە شەوی چوارشەممەوە دەستی پێکرد و تا بەرەبەیانیی پێنجشەممە بەردەوام بوو. هاوکات ئێران ڕایگەیاند کە وەک وڵامێک، بنکەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە، بەتایبەت لە ئۆردۆن، بەحرەین و کوەیت کردووەتە ئامانج.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند ئەم شەپۆلە هێرشە شەوانەیە بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ ئەنجام دراوە و ناوەندەکانی فەرماندەیی، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، توانای مووشەکی و دڕۆنی و دامەزراوە کەناراوییەکانی ئێرانی کردووەتە ئامانج تا توانای تاران بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکانی گەرووی هۆرمۆز کەم بکاتەوە.

لە هێرشەکانی ئەمجارەدا، بۆ یەکەمجار دەنگی تەقینەوە لە دەوروبەری تاران (پاکدەشت و پارچین) بیسترا، کە سپای پاسداران دەڵێت بەهۆی چالاکبوونی بەرگریی ئاسمانییەوە بووە.

ئەمریکا هەروەها هێرشی کردووەتە سەر قشم، بەندەرعەباس، سیریک، چابەهار، کۆنارەک، راسک، کرمان، تەورێز، ورمێ و ناوچەیەک لە سێمنان، لەگەڵ خەنداب لە پارێزگای مەرکەزی و خورەمئاوا و کەبوودەرئاهەنگ لە هەمەدان.

لە بەرانبەردا، ئەرتەش و سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایانگەیاند کە بە دڕۆنی خۆکوژ و مووشەکی بالستیک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی "ئەزرەق" لە ئۆردۆن، بنکەی "عەلی السالم" لە کوەیت و بنکەی "شێخ عیسا" لە بەحرەین و هێڵەکانی پەیوەندی، ڕادار، کۆگاکانی سووتەمەنی و پاتریۆتی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە، ئۆردۆن ڕایگەیاند ٨ مووشەکی ئێرانیی تەقاندووەتەوە، کوەیت بەرپەرچدانەوەی هێرشە دڕۆنییەکانی پشتڕاست کردەوە و بەحرەینیش دوای لێدانی زەنگی مەترسی، داوای لە هاووڵاتییانی کرد بچنە شوێنە ئەمنەکانەوە.

هەروەها شەوی ڕابردوو ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە چەندین دڕۆن هێرشی کردە سەر هەولێر کە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە سەرجەم ئەو هێرشە دوژمنکارانە تێک شکێنران.