کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دووبارەی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ترامپ

10:12 - 25 پووشپەڕ 2726

وتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە نوێترین لێدواندا هەڕەشەی توندی لە ئەمریکا و دۆناڵد ترامپ کرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمریکا هەڕەشەکانی بە کردەیی بکات، لەنێو دەچێت.

ئیبراهیم زوڵفەقاری وتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی پووشپەڕ، قسەکانی دۆناڵد ترامپ لەبارەی بەئامانجگرتنی وزەخانەکانی ئێرانی بە "پووچ" لەقەڵەم دا و وتی: "ئەگەر ئەمریکا ئەو هەڕەشەیە بکاتە کردەیی و وزەخانەکان بکاتە ئامانج، تەواوی ژێرخانەکانی لە سەرانسەری ناوچەکە لەنێو دەبەین".

زوڵفەقاری وتیشی: "هەموو ژێرخانە گرنگەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ناوچەکە لەژێر هێرشی پۆڵاینی هێزە چەکدارەکانماندا بەشێوەیەک دەکەینە خۆڵەمێش کە وا هەست بکەن هەر لە سەرەتاوە بوونی نەبووە".

ناوبراو هەروەها هەوڵەکانی ئەمریکای لە گەرووی هۆرمۆزی بە دەستێوەردان لەقەڵەم دا و وتی: "دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیدا هێڵی سووری کۆماری ئیسلامییە".

دۆناڵد ترامپ لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەڕەشەی لە ڕێژیمی تاران کرد کە ئەگەر لەسەر هەوڵە شەڕەنگێزییەکانیان بەردەوام بن، وزەخانەکانی کارەبا و ڕێگا سەرەکییەکانی ئێران دەکاتە ئامانج.