کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام نەوتهەڵگرێکی بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆی سەر ئێران لەکار خست

10:14 - 25 پووشپەڕ 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە هێزەکانیان ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی دژی ئێران، ڕێگرییان لە نەوتهەڵگرێکی بەتاڵ کردووە کە بەرەو یەکێک لە بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو لە ڕێگادا بووە.

بەپێی بەیاننامەکەی سێنتکام، نەوتهەڵگری "بڵما" بە ئاڵای وڵاتی کوراسائۆ، لە کاتی تێپەڕبوونی بە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بەرەو دوورگەی خارک لەژێر چاوەدێریدا بووە.

ئەم کەشتییە سەرەڕای وەرگرتنی چەندین هۆشداری، لەسەر بەردەوامبوون لە ڕێڕەوەکەی سوور بووە و هەوڵی تێکشکاندنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکای داوە.

سێنتکام دەڵێت فڕۆکەیەکی ئەمریکا بە مووشەکی "هێڵفایێر" بۆ سەر دووکەڵکێشی نەوتهەڵگرەکە، بەتەواوی کەشتییەکەی لەکار خستووە و ڕێڕەوەکەی بەرەو ئێران پەکخستووە.

هەروەها فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە لە ٢٣ی پووشپەڕەوە، دەستیان بە جێبەجێکردنەوەی گەمارۆدانی دەریایی ئەو کەشتییانە کردووەتەوە کە بەرەو بەندەرەکانی ئێران دەچن یان لێیانەوە دێن.

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری یەکەمی ئەم بڕیارەدا، دوو کەشتیی بازرگانی پێبەندی فەرمانەکان بوون و ڕێڕەوی خۆیان گۆڕیوە، کەشتیی سێیەمیش (بڵما) بەهۆی سەرپێچییەوە لەکار خراوە.