کارمەندێکی ئیدارەی کۆچی سوید بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و گواستنەوەی زانیاریی نهێنی بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کارەکەی دەرکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی "TV4"، ڕێکخراوی ئەمنییەتی سوید (ساپۆ) لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەم کەسەی خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە کە سیستمی زانیاریی ئیدارەکەی بۆ بەرژەوەندیی تاران بەکار هێناوە.
ئەم کەسە دەستڕاگەیشتنی بە زانیارییەکانی پەیوەست بە نەیارانی کۆماری ئیسلامی، پەنابەرانی کورد و ئێرانی و لە هەندێک دۆخیشدا پەنابەرانی ئەفغانستانیی نیشتەجێی سوید هەبووە و ئەم زانیارییانەی خستووەتە بەردەست بەرپرسێکی ئیتلاعاتی ئێران.
لە دەقی بڕیاری دادگای سویددا هاتووە کە ڕێژیم گرنگیی زۆری بە دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە تایبەتییەکانی هاووڵاتییانی کورد، پهنابەرانی سیاسی و نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە سوید داوە.
ڕێکخراوی ئەمنییەتی سوید ناسنامەی ئەو سیخوڕەی کۆماری ئیسلامی و زانیاری زیاتر سەبارەت بە دۆسییەکەی بڵاو نەکردووەتەوە.
ئەو مۆرەیەی ڕێژیم لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام دادگای سوید بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە ئەمنییەتییەکان، لێدوانەکانی ناوبراوی بە چەواشەکاری زانی و بڕیاری دەرکردنی لە کارەکەی بە تەواوی یاسایی ناو بردووە.