بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە زمان سێ بەرپرسی ئەمریکا، شەپۆلی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە ئامانجی تێکشکاندنی ئەو تواناییە سەربازییانەیە کە لەبەردەم ئۆپەراسیۆنی ئاڵۆزتر و گەورەتر لە داهاتوودا ڕێگرن.
ئەم بەرپرسانە دەڵێن هێرشەکان بە شێوەیەکی کردەوەیی دەستی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ بژاردەی سەربازی زیاتر دەکەنەوە.
شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران ئێستا پێی ناوەتە پێنجەمین مانگی خۆیەوە. سەرەڕای ئەو گورزە بەهێزانەی بەر سپای ئێران کەوتوون، تاران هێشتا توانایەکی بەرچاوی مووشەکی و دڕۆنی پاراستووە و هێرش دەکاتە سەر نەوتهەڵگرەکان و وڵاتانی کەنداو.
بەرپرسێکی ئەمریکا دەڵێت ئەم هێرشانە وەک "ئامادەکردنی گۆڕەپانی شەڕن" بۆ ئەوەی ئەگەر لە داهاتوودا فەرمانی ئۆپەراسیۆنی قورستر درا، بەرگرییەکانی ئێران پێشوەختە لاواز کرابێتن.
ڕۆیتێرز پێشتر ئاشکرای کردبوو کە کۆشکی سپی تاوتوێی ناردنی هێزی وشکانی دەکات بۆ سەر کەناراوەکانی ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی دوورگەی "خارک" کە ناوەندی ٩٠٪ی هەناردەی نەوتی ئێرانە.
ترامپ لە لێدوانێکدا بۆ فاکس نیوز ڕایگەیاند کە تا ئێستا ڕێگریی لە لێدانی دامەزراوە نەوتییەکانی خارک کردووە، بەڵام بژاردەی دەسبەسەرداگرتنی ئەو دوورگەیەی بە کراوەیی هێشتووەتەوە. هەروەها باس لە ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی زۆر بەهێز لە قووڵایی زەویدا دەکرێت.
لە بەرانبەردا، ڕەخنەگرانی شەڕ لە کۆنگرە دەڵێن هەرچەندە ئەمریکا سەرکەوتنی تاکتیکی بەدەست هێناوە و بەشێکی زۆری سپای ئێرانی تێکشکاندووە، بەڵام لە ڕووی ستراتێژییەوە نەیتوانیوە تاران ناچار بە پاشەکشە بکات و ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز هێشتا لەژێر هەڕەشەی دڕۆن و مووشەکەکانی ئێراندایە.
شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەم لێدوانە توندانەی ترامپ زیاتر بۆ گوشارخستنە سەر تاران لە دانوستانەکان ئەنجام دەدرێن.