عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بە توندی هێرشە دڕۆنییانەکانی شەوی ڕابردووی سەر شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی مەحکووم کرد.
زەیدی فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتی فێدراڵ دا کە بە زووترین کات لەگەڵ هێزە ئەمنییەتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە هاواهەنگی بکەن.
ئەم مەحکوومکردنە دوای ئەوە هاتەئاراوە کە شەوی چوارشەممە، هێزەکانی هاوپەیمانان توانیان ٨ دڕۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی هەولێردا تێکبشکێنن و بخەنە خوارەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەم کارەی بە "هەوڵێکی تاوانکاری" وەسف کرد کە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتییە.
هەروەها ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند کە شەوی چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، هێزەکانی هاوپەیمانان ٨ دڕۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە کە بە خۆشحاڵییەوە هیچ زیانێکی گیانیان لێ نەکەوتووەتەوە.
هاوکات، بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمان ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە پەیامی سیاسیی نەرێنین و لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نین.
بەپێی ڕاپۆرتی دژەتیرۆری کوردستان، هێرشەکان لە نێوان کاتژمێر ٢٠:٥٣ بۆ ٢١:٢٠ی شەو ڕوویان داوە و سەرجەم دڕۆنەکان لەلایەن هاوپەیمانانەوە پووچەڵ کراونەتەوە.