کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: هاوشێوەی داعش سپای پاسدارانیش لەنێو دەبەین

13:08 - 25 پووشپەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی سپای پاسدارانی ئێران بە هەمان شێواز لەنێو دەبات کە پێشتر داعشی پێ شکست دا.

ترامپ لە لێدوانێکدا بۆ "فاکس نیوز" وتی کە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژیانی پشتگوێ دەخات و سەرنجی تەواوی لەسەر لەنێوبردنی سپای پاسدارانە.

ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئێران بە توندی لاواز بوون و لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکادا، توانای چەکداری و تەقەمەنییان بە ڕێژەی ٩١ لەسەد کەم بووەتەوە.

سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە توانای دڕۆنی، پرۆسەی بەرهەمهێنانی چەک، سەکۆکانی هاویشتنی مووشەک و بڕی موشەکەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیانی پێگەیشتووە.

ناوبراو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەتوانێت سپای پاسداران بە هەمان ئەو شێوازە لەنێو ببات کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا داعشی لە عێراق و سووریە تێکشکاند.

ترامپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی خۆیدا، سپای پاسدارانی خستبووە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.