وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕ ڕایگەیاند لە دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز، ٧ کەسایەتی و ناوەندی چالاک لە دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ سپای پاسدارانی سزا داوە.
نووسینگەی کۆنتڕۆڵی دارایی دەرەوەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لەبارەی سزادانی ئەو ٧ کەسایەتی و ناوەندەوە ڕایگەیاند: "ئەو سزادراوانە لە تۆڕێکی نێونەتەوەییدا، چالاکانە پشتیوانیی هەوڵەکانی سپای پاسدارانیان بەمەبەستی دابینکردنی کەرەستەی شەڕ و چەکوچۆڵ کردووە".
بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەو کەسایەتی و ناوەندە سزادراوانە، شیرکەتی فڕۆکەوانیی دەرەوە و تۆڕی ڕاگواستن و شیرکەتی کەشتیوانییان تێدایە.
هەروەها چەندین کەسایەتی کە هەوڵیان داوە سەردان و سەفەرەکانی سپای پاسداران لەو پێوەندییەدا بە نهێنی بهێڵنەوە و بەمەبەستی گواستنەوەی کەرەستەی شەڕ و پارچەی چەکی ناوکی ئاسانکارییان کردووە، سزا دراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر ئەوە پێداگریی کردەوە کە نووسینگەی کۆنتڕۆڵی دارایی دەرەوە هەوڵەکانی خۆی بەمەبەستی ڕێگریکردن لە تۆڕەکانی دابینکردنی کەرەستەی شەڕ و سەرچاوە ماڵییەکان بۆ سپای پاسداران خستووەتە گەڕ.
سکات بێسێنت وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند: "سەرۆککۆماری ئەمریکا بەڕوونی ڕایگەیاندووە کە ئێران دەبێت دەست لە چەکی ناوکی هەڵبگرێت. ئێمە لەسەر سزادانی تۆڕە نایاساییەکان کە پشتیوانی لە بەرنامەی ناوکی و چەکوچۆڵیی ئێران دەکەن، بەردەوامین".