کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشێکی ئاسمانی کارگەیەکی نهێنیی دڕۆن لە دێهلۆڕانی خاپوور کرد

13:13 - 25 پووشپەڕ 2726

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥، کارگەیەک لە شاری دێهلۆڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام بە سێ مووشەک بۆردومان و بەتەواوی خاپوور کرا.

هەرچەندە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئیدیعا دەکەن کە شوێنەکە تەنیا کارگەیەکی دروستکردنی ئاوی کانزایی بووە، بەڵام زانیارییەکان ڕاستییەکی تر ئاشکرا دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەم کارگەیە لەژێر پەردەی بەرهەمهێنانی ئاودا، وەک سەرپۆشێک بۆ کۆکردنەوە و بەستنی پارچەکانی دڕۆن و کۆگای کەرەستەی ئەلێکترۆنیکیی مووشەک و دڕۆنەکان بەکار هاتووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ئەم ٣٩ ڕۆژەی شەڕدا بۆ هێرشکردنی سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچە و ئیسرائیل، چەندین جار سوودی لەم بنکەیە وەرگرتووە.

ئەم ڕووداوە هاوشێوەی سیناریۆی شەڕی قۆناغی دووەمە لە قەسری شیرین، کاتێک "کارگەی لوولەی ئاو" کە لە ڕاستیدا پڕ بوو لە کەرەستەی سەربازی و پارچەی دڕۆن، لە هێرشێکی مووشەکیدا بەتەواوی تەخت کرا.

ئەو ڕاپۆرتە نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی چەکەکانی، ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و کرێکاران دەخاتە مەترسییەوە و ناوچە پیشەسازییەکان دەکاتە ئامانجی سەربازی.