کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە مێلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان بەردەوامە

13:55 - 25 پووشپەڕ 2726

بەپێی زانیارییەکان، سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزێکی زۆری هێناوەتە کوردستان و سنوورەکانی سەلاسی باوەجانی، ئزگڵە، باوەیسی و بەمۆی بە هێز و کەرەستەی شەڕ تەنیوە.

بەپێی هەواڵێک کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کەرەستەی سەربازیی قورسیان لەو ناوچە سنوورییانەی کرماشاندا جێگیر کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانە، هێزەکانی ڕێژیم مووشەکی دووشپەرتاب، تۆپی ١٣٠ و دڕۆنی چاوەدێرییان لە ناوچە سنوورییەکانی سەلاسی باوەجانی، ئزگڵە، باوەیسی و بەمۆ بەشێوەی چڕوپڕ جێگیر کردووە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەو هێزانە مۆڵگە و بنکەکانیان چۆڵ کردووە و لە دەوروبەری شارەکان و سنوورەکاندا دەمێننەوە.

پێشتریش بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، هەواڵی جێگیرکردنی هێزەکانی ڕێژیمی لە سنووری پیرانشار و شنۆ بڵاو کردبوویەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانە، سپای پاسداران هەڕەشەی لە مەڕدارەکانی ئەو ناوچەیە کردووە کە دەبێت بارەگا و مەڕ و ماڵاتەکانیان ڕابگوێزن.

هەروەها دەیان چەکی قورس لەو ناوچانەدا جێگیر کراون.

هەروەها لە شاری بۆکانیش هێزەکانی ڕێژیم بنکەکانیان لەو شارە چۆڵ کردووە و لە دەوروبەری شار دەمێننەوە.