بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، سزای لەسێدارەدانی عارف خۆشکار لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هێرانا، عارف خۆشکار ڕۆژی شەممە ٢٠ی پووشپەڕ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی بۆ بەندی ٣٥ی بەندیخانەی قزڵحەسار ڕاگوێزراوە و سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە لە سێدارە دراوە.
شایانی باسە بەرپرسانی ڕێژیم لە دانەوەی تەرمی ئەو بەندکراوە بە بنەماڵەکەی خۆیان بواردووە و تەرمەکەی کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ بۆ ساردخانەی بەهەشت زەهرای تاران ڕاگوێزرا.
جێبەجێکرانی سزای ئەو بەندکراوە لە کاتێکدا بوو کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابروودا بنەماڵەی ناوبراو هەوڵەکانیان بۆ ڕاگرتنی ئەو سزایە هەتا یەک مانگی دیکە بەمەبەستی ڕازیکردنی بنەماڵەی بەسیجە کوژراوەکە خستبووە گەڕ.
ناوبراو لە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە ڕەوتی شۆڕشی سەرانسەری ژینا لە گەڕەکی فەلاحی تاران دەسبەسەر کرا.
عارف خۆشکار لەلایەن بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگەی هەڵگرتنی و کەڵکوەرگرتن لە چەکی گەرم" و "کوشتنی بەسیجییەک" و "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتیی نیزام"ی خرایە پاڵ و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم لەسێدارەدانە لە کاتێدایە کە پارێزەری ناوبراو لەبارەی دۆسییەکەیەوە ڕایگەیاندبوو: "بەڵگەکان لە دژی عارف ناتەواون و هیچ هۆکارێک بۆ تاوانبارکرانی ناوبراو بوونی نییە".