کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حەماس و حیزبوڵڵا چڕتر کردووتەوە

14:03 - 25 پووشپەڕ 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە دەستوپێوەندییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا زیانێکی زۆری مادی و گیانیی بە حەماس و حیزبوڵڵا گەیاندووە.

بەپێی بەیاننامەی ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕ دوو فەرماندەی باڵای دیکەی حەماس بە ناوەکانی عەلی شەملەخ جێگری فەرماندەی گورهانی نۆخبە و ناسر لەوح فەرماندەی یەکەی دیکەی حەماسی لە غەززە کردووەتە ئامانج.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، عەلی شەملەخ و ناسر لەوح لە بەئامانجگرتنی خەڵکی ئاسایی ئیسرائیلدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا، یەکێک لە فەرماندەکانی حەماس بە ناوی "حسام شافێعی"ی لەنێو برد کە لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبردا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.

 بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل، شافێعی لە بەدیلگرتنی سەرهەنگ ئەساف حەمامی و گروهبان کیریل بڕودسکی دوو فەرماندەی باڵای ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر دەستی هەبووە.

هاوکات ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، ئەرتەشی ئیسرائیل کوژرانی سێ چەکداری حیزبوڵڵای لە بەیت یاحوونی باشووری لوبنان ڕاگەیاند.

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانی تیپی ٤٠١، ئەو سێ ئەندامەی حیزبوڵڵایان لە کاتێکدا کردووەتە ئامانج کە لە هەوڵی هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئیسرائیلدا بوون.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە و لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا ئەرتەشی ئیسرائیل باسی لە کوژرانی بەرپرسی تەکتیرهاوێژەکانی یەکێک لە گوردانە سەربازییەکانی حەماس کرد.

ئەبووقاسم ئەو فەرماندەیەی حەماس بووە کە ئیسرائیل لە غەززە کردوویەتە ئامانج.

هەروەها لە شەوی ڕابردوودا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل چوار کۆگای پاشەکەوتی چەک و تەقەمەنیی ڕێکخراوی تێرۆریستیی حەماسی لە ناوەڕاستی غەززە دوای شناساییکردن، کردە ئامانج.

ئەرتەشی ئیسرائیل جارێکی دیکە ڕایگەیاند هەتا کۆتایی چالاکییە تێرۆریستییەکانی حەماس و حیزبوڵڵا لە غەززە و باشووری لوبنان درێژە بە ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانیان دەدەن.