کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی نوێی ئەمریکا بۆ سەر دەیان بنکەی دیکەی ڕێژیم لە سەرانسەری ئێران

17:00 - 25 پووشپەڕ 2726

لە دوای هێرشە بەردەوامەکانی ئەرتەشی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی سەربازی و کۆگای چەک و تەقەمەنیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگاکانی باشوور و دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز لەم حەفتەیەدا، لە نوێترین هێرشەکاندا بنکەکانی ڕێژیم لە پارێزگاکانی ناوەندی و باکووری ئێران کرانە ئامانج.

هەواڵدەریی "ئاسۆشەیتێدپرێس" لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی پووشپەڕ، ئەرتەشی ئەمریکا دەیان بنکەی سەربازیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگاکانی تاران، سێمنان، هەمەدان، لوڕستان و مەرکەزیی خاپوور کرد".

هەروەها دووبارە لەو هێرشە نوێیەدا، دەیان بنکەی دیکە لە پارێزگاکانی هۆرمۆزگان، سیستان و بەلووچستان و خووزستان کراونەتەوە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو هەواڵدەرییە، دامەزراوەی بەرنامەی مووشەکی بالستیک و بەرنامەی فەزایی سپای پاسداران لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هێرشە نوێیەی ئەمریکا بوون.

ئەو هێرشەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە چەقی هێرشەکانی یەک حەفتەی ڕابردووی ئەمریکا لەسەر بنکەکانی باشووری ئێران و دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز بووە و بەربڵاوتربوونی بازنەی هێرشەکان بۆ سەرانسەری ئیران دەرخەری سوورتربوونی ئەمریکا و دۆناڵد ترامپ لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنی و هەڕەشەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوویە.

هەروەها سێنتکام ڕایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا نەوتکێشێک کە ئاڵای کۆراسائۆی لەسەر بووە، بەهۆی ئەوەی ویستوویەتی لە بڕیاری گەمارۆکان دژی ڕێژیمی تاران سەرپێچی بکات، دەستی بەسەردا گیراوە".

پێشتر ئەمریکا نزیک بە ٤٠٠ ئامانجی سەربازیی گرنگی ڕێژیم لەوانەش سایت و سەکۆی مووشەکی، تۆڕی پێوەندی، بەلەمی خێرای دەریایی و چەندین بنکە و دامەزراوەی سپای پاسدارانی لە دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز و پارێزگا باشوورییەکانی ئێران لەنێو برد".