لە دوای بەربڵاوتربوونی بازنەی هێرشەکانی ئەمریکا دژ بە ڕێژیم لە سەرانسەری ئێران، ڕێژیم بۆ شاردنەوەی شکستەکانی، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو هێڵی ئینتێرنێتی لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران یان بەتەواوی لاواز کردووە یان پچڕاندوویەتی.
لە دوێنی پێنجشەممە ٢٥ی پووشپەڕەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێڵی ئینتێرنێتی زۆربەی پارێزگاکانی ئێرانی بە جۆرێک لاواز کردووە کە توانای پێوەندیگرتنی خەڵکی ئەستەم کردووە.
پچڕانی هێڵی ئینتێرنێت تەنیا تایبەت بەم کاتە نییە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکاندا بەتایبەت خەزەڵوەری ٩٨، شۆڕشی ژینا و شەڕی ١٢ و ٤٠ ڕۆژە هێڵەکانی پێوەندیگرتنی بە تەواوی پچڕاند.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو کات بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و شکستە یەک لەدوای یەکەکانی تۆڵە لە خەڵکی خۆی دەکاتەوە و بە پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت و تەنانەت پێوەندیی تلفۆنیی نێوخۆییش دەیهەوێت خەڵکی ئێران لە جیهانی دەرەوە داببڕێت.
شایانی باسە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێشتر بەبۆنەی پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت لە ڕەوتی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە قۆستنەوەی "دۆخی شەڕ"، سیاسەتی پچڕانی هێڵی ئینتێرنێتی گرتووەتەبەر و پتر لە ٩٠ میلیۆن کەسی لە جیهان دابڕیوە.
هەروەها ڕێکخراوی "نێت بلاکس"، لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندبوو کە ئەمە درێژخایەنترین پچڕانی ئینتێرنێت بووە لە مێژووی جیهاندا کە ٨٨ ڕۆژ بەردەوام بووە.