لە شەشەمین شەوی هێرشە ئاسمانییە چڕەکانی ئەرتەشی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران، هێزەکانی ئەمریکا زیاتر سەرنجیان خستە سەر تێکشکاندنی هێڵەکانی گواستنەوە و گەیاندنی ئەو ڕێژیمە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم هێرشانە بە مەبەستی بڕینی ڕێڕەوە پشتیوانییەکانی سپای ڕێژیم بۆ بەندەرعەباس و بنکە دەریاییەکانی نزیک گەرووی هۆرمۆز بووە کە تێیدا چەندین پردی ستراتێژی، هێڵی شەمەندەفەر و فرۆکەخانە کرانە ئامانج.
پارێزگاریی هورموزگانیش ڕایگەیاند کە لە هێرشەکانی شەوی پێنجشەممەدا پێنج پرد کراونەتە ئامانج کە بریتین لە: "پردی گریوە لەسەر ڕێگەی بەندەرعەباس-خەمیر-لار، پردی دوای گوندی لاتیدان لەسەر ڕێگەی گەڕانەوەی بەندەرعەباس-خەمیر-لار، دوو پردی ڕێگەی کەهوورستان-لار، پردێکی نیوەچڵ لەسەر تەوەرەی بەندەر خەمیر-کەشار-بەندەرعەباس و پردی گوندی مارو لە شارستانی خەمیر."
ئەم بۆردومانانە زیانی گیانیشیان لێکەوتەوە و لە هێرشکردنە سەر پردەکانی گریوە و کەهوورستان لە بەندەر خەمیر، ٧ کەس کوژران و ٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات لەگەڵ تێکدانی ڕێگاوبانەکان، کەرتی گواستنەوەی شەمەندەفەریش زەبری بەرکەوت و وێستگەی لقی هێڵی ئاسنی بەندەرعەباس بۆردومان کرا، کە بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون.
لە لایەکی ترەوە، فڕۆکەخانەی ئێرانشار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کەوتە بەر هێرش و دووکەڵێکی چڕ لە ئاسمانی فڕۆکەخانەکە بەرز بووەوە.
هەر لە هەمان پارێزگادا، بورجى چاوەدێریی دەریایی چابەهار بۆ سێیەمین جار لەم شەڕەدا کرایە ئامانج و ئەمجارەیان بەتەواوەتی خاپوور کرا.