کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی چاوەدێریی ئەمریکا بەسەر گەرووی هۆرمۆزدا

12:02 - 26 پووشپەڕ 2726

ئەرتەشی ئەمریکا لە کاتی گەمارۆدانی بەندەر و کەشتییەکانی ئێران، لە چاوەدێریکردنی گەرووی هۆرمۆز بەردەوامە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) دیمەنی ئامادەبوونی هێزەکانی دەریایی ئەمریکای لەسەر پشتی نەوتهەڵگرێک بە ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو کردەوە.

سێنتکام لە ڕوونکردنەوەی ئەم وێنانەدا نووسیویەتی کە هێزەکانی دەریایی لە یەکەی یازدەهەم، بە مەبەستی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە ناوەڕۆکەکەی، لە دەریای عومان چوونەتە سەر پشتی نەوتهەڵگری "ئێم/تی ڤێن باو" (MT WEN BAO).

سێنتکام لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: :تا وەکوو ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا ڕێڕەوی سێ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە کە ویستوویانە گەمارۆ دەریاییەکە ببڕن؛ کەشتییەکی تریشیان پەکخستووە کە ئامادەی هاوکاری نەبووە؛ هەروەها بۆ دڵنیابوونەوە لە پێبەندبوون بە گەمارۆ دەریاییە چڕەکەی سەر ئێران، چوونەتە ناو کەشتییەک."

لە کۆتاییدا، سێنتکام جەختی کردووەتەوە کە گەرووی هۆرمۆز و ئاوەکانی دەوروبەری بە کراوەیی و ئازادی دەمێننەوە، تەنیا بۆ ئەو کەشتییانە نەبێت کە هەوڵی پێشێلکردنی گەمارۆی ئەمریکا دەدەن.