کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥، بارەگاکانیان لە دەوروبەری زرگوێزەڵە کەوتوونەتە بەر هێرشێکی چڕی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هێرشەکە کاتژمێر ٦ی بەیانی بووە و بەهۆیەوە ٩ پێشمەرگە بە ناوەکانی "فەرهاد قەمەری، سروش نەسری، سینا سەفەری، یاسین کیانپوور، ئەحمەد مەحموودی، ڕەزا سادقی، کەسرا ڕەحماننژاد، سیاوان نیکیخا و زەکەریا فەقێ حەسەن ئاقا" گیانیان بەخت کردووە.
سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە ڕوونی کردووەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ٣٩ ڕۆژەوە، کۆماری ئیسلامی نزیکەی ٤٠ جار بە سەدان دڕۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بارەگاکانیان، بەڵام ناتوانێت ئیرادەی خەباتی گەلی کورد سست بکات.
کۆمەڵە هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی تێکۆشەری شارەکانی دیواندەرە، شاباد، مەریوان، شازەند، بانە و بەتایبەت بۆکان دەربڕیوە کە لەم هێرشەدا چوار پێشمەرگەیان پێشکەشی کاروانی سەربەرزی شەهیدان کردووە.
کۆمەڵە جەختی کردووەتەوە خوێنی ئەو هاوڕێیانە کە ئاواتیان بینینی کوردستانی ئازاد و دێموکرات بوو، بەفیڕۆ ناچێت و ئەم تاوانانە تەنیا ورەی پێشمەرگە بەهێزتر دەکەن و دەبنە هەوێنی شۆڕشێکی بەگوڕتر دژی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێرانی.