کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئەمریکا بە ڕێژیم لەهەمبەر دروستکردنی هەر جۆرە گرژییەک لە گەرووی هۆرمۆزدا

14:22 - 11 پووشپەڕ 2726

کاناڵی "ئەلعەرەبیە" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕایانگەیاند، ئەمریکا لە ڕێگەی ناردنی نامەی تەواو ڕوون و ئاشکراوە بۆ تاران، دژایەتیی خۆی بۆ هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئێستای گەرووی هۆرمۆزدا دەربڕیوە.

واشنگتۆن هۆشداریی داوە کە گۆڕینی بارودۆخ لەم ڕێڕەوە ستراتێژییەدا، وەک پێشێلکردنی ئاشکرای لێکتێگەیشتنە دووقۆڵییەکان سەرنجی دەدرێتێ.

بە وتەی ئەم سەرچاوانە، نامەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ ئێران یەکجار ڕوون بوون و جەختیان کردووەتەوە کە هەر جۆرە ئاڵۆزی و گرژییەک لە گەرووی هۆرمۆزدا، لێکەوتەی ڕاستەوخۆی لێ دەکەوێتەوە.

واشنگتۆن لە نزیکەوە چاوەدێریی جووڵەکانی ئێران لەم ڕێڕەوەدا دەکات و هەڵسوکەوتی تاران لە گەرووی هۆرمۆزدا وەک یەکەمین تاقیکردنەوە بۆ پێوانەکردنی ڕادەی پێبەندبوونی بە ڕێککەوتنەکان دادەنێت.

سەرچاوەکانی ئەلعەرەبیە لە کۆتاییدا ڕوونیان کردووەتەوە کە هەر جۆرە ئاسانکاری و پێشوەچوونێک لە دۆسییەی ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێراندا، بە تەواوی بەندە بە پێبەندبوونی کردەیی تاران لەم لێکتێگەیشتنانەوە.

هاوکات قەرارگای تێرۆریستیی خاتەمولئەنبیا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، وێڕای هۆشداریدان لەهەمبەر "هەر جۆرە دەستێوەردانێکی ئەمریکا لە گەرووی هۆرمۆزدا"، هەڕەشەی کرد کە کارێکی لەو شێوەیە لەگەڵ "کاردانەوەی خێرا و لێبڕاوانەی هێزە چەکدارەکانی ئێران" بەرەوڕوو دەبێتەوە.