کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‌زۆربەی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ڕێژیم بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە تێکشکێندرا

12:06 - 26 پووشپەڕ 2726

هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شەوی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە و بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە جیهانییەکان زۆربەی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیم لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە و ئامانجەکانیان نەپێکاوە.

شەوی پێنجشەممە ٢٥ی پووشپەڕ، هێزی ئەرتەشی ڕێژیم لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە هێرشی دڕۆنی بۆ سەر کوەیت کرد.

وەزارەتی بەرگریی کوەیت لەوبارەوە ڕایگەیاند کە سیستەمی دژە ئاسمانیی وڵاتەکەی، ٣٢ دڕۆنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاسماندا تێکشکاندووە.

سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ڕاداری کۆنتڕۆڵی دەریایی عومانی لە سەلامە و ڕاداری کۆنتڕۆڵی ئاسمانیی ئەمریکای لە ناوچەی غەنەم کردووەتە ئامانج.

لەو پێوەندییەدا وەزارەتی بەرگریی عومان باسی لە تێکشکاندنی زۆربەی ئەو هێرشانەی سپای پاسداران کرد و ڕایگەیاند: "ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکین".

هاوکات هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی چەندین هێرشی مووشەکییان کردە سەر دۆحەی پێتەختی قەتەر.

وەزارەتی بەرگریی قەتەر سەرەڕای هۆشداری بە هاووڵاتییانی خۆی،  لەبارەی ئەو هێرشەوە ڕایگەیاند: "لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران دژ بە وڵاتەکەمان، سێ مووشەکی بالستیکمان تێکشکاند".

پێشتر ڕێژیمی تاران چەندین جار شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی ئەو وڵاتانەی کردووەتە ئامانج و لەم هێرشە نوێیەشدا منداڵێک بریندار بووە.

هەروەها شەڕەنگێزییەکانی سپای پاسداران تایبەت بە وڵاتانی کەنداو نییە و بۆ یەکەمجار قۆناغێکی نوێی هێرشەکانی دژ بە سووریە دەست پێکرد.

هێزی ئەرتەشی ڕێژیم ڕایگەیاند کە بنکەی ئەمریکایی ئەلسەخیری لە بەحرەین بە دڕۆن کردووەتە ئامانج.

هەتا ئێستا بەحرەین لەبارەی ئەو هێرشەوە ڕاگەیەندراوی نەداوە.

شایانی باسە لە شەوی ڕابردوودا، سپای تێرۆریستیی پاسداران هێرشی مووشەکیی بەربڵاویشی کردە سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، ٨ دڕۆنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاسمانی هەولێردا تەقێندرایەوە.

هەروەها هێرشەکانی ڕێژیم دژ بە خەڵکی کوردستان، پارێزگای هەڵەبجەشی گرتەوە.

شایانی باسە لەو هێرشە دڕندانەی هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمدا بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی سیاسی و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، پۆلێک پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران شەهید بوون و چەندین پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.