کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا کەسێکی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران دەسبەسەر کرد

13:24 - 26 پووشپەڕ 2726

پۆلیسی دژەتیرۆری لەندەن ڕایگەیاند کە پیاوێکی تەمەن ٣٩ ساڵ، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی پێشوەختە لە بواری ئەمنییەتی میللیدا، بە هاوکاریکردنی دەزگای هەواڵگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کراوە.

بەپێی بەیاننامەی پۆلیسی بریتانیا، هێزەکانی دژەتیرۆری لەندەن ڕۆژی چوارشەممە کەسێکیان بە ناوی "وەحید عابری" کە دانیشتووی شاری لیڤێرپوولە، لە ناوچەی بێرمینگام بە گومانی ئەنجامدانی تاوانی "هاوکاریکردنی دەزگایەکی هەواڵگریی دەرەکی" دەسبەسەر کردووە.

ئەم پیاوە ڕەوانەی بنکەیەکی پۆلیس لە ناوچەی وێست میدلاندز کراوە و هاوکات هێزە ئەمنییەتییەکان چەند ماڵێکیان لە ناوچەکانی بێرمینگام و لیڤێرپوول پشکنیوە.

هێلین فلاناگان، بەڕێوەبەری پۆلیسی دژەتیرۆری لەندەن وتی: "لەم ساڵانەی دواییدا لێکۆڵینەوەکانمان لەسەر ئەمنییەتی میللی زۆر زیادیان کردووە. ئەم دۆسییەیەش نموونەیەکی تری کارەکانمانە بۆ تێکدانی پلانی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بۆ دەزگا سیخوڕییە دەرەکییەکان کار بکەن."

پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە کە عابری لە ئێستادا دەسبەسەرە و لەژێر چاوەدێریدایە و بڕیارە ڕۆژی هەینی لەبەردەم دادگادا ئامادە بێت.