کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: تاران داوای لە حوسییەکان کردووە گەرووی بابولمەندەب دابخەن

13:27 - 26 پووشپەڕ 2726

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" بڵاوی کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لە حوسییەکانی یەمەن کردووە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی تۆڕی کارەبای وڵاتەکەی، بۆ داخستنی گەرووی ستراتێژیی بابولمەندەب و پەکخستنی ڕێڕەوی هەناردەکردنی نەوت لە دەریای سووردا ئامادە بن.

ئەم بڕیارە لەسەر بەرزترین ئاستی سەرکردایەتیی ڕێژیم تاوتوێ کراوە، ئەمەش دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکایە کە ڕایگەیاندبوو ئەگەر دانوستانەکان نەگەنە ئەنجام، هێرشەکانیان فراوانتر دەکەن و وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران دەکەنە ئامانج.

سەرچاوەیەکی نزیک لە حوسییەکان پشتڕاستی کردووەتەوە کە هێزەکانیان بە جێگیرکردنی مووشەک و دڕۆن لە بەرزاییەکانی یەمەن کە دەڕوانن بەسەر دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا، لە ئامادەباشیی تەواودان و تەنیا چاوەڕێی فەرمانی سپای پاسداران دەکەن بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان.

داخستنی هاوكاتی گەرووی بابولمەندەب و گەرووی هۆرمۆز دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی وزە لە جیهاندا، بەتایبەت بۆ عەرەبستان کە ٧٠٪ی هەناردەی نەوتی خۆی لە ڕێگەی دەریای سوورەوە ئەنجام دەدات.

بەرپرسانی ڕیاز ڕایانگەیاندووە کە ئەم هەڕەشە هاوبەشانەی ئێران و حوسییەکان بە تەواوی بە جیددی وەردەگرن و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان لەم قەیرانە نوێیەدا چاوەدێریی بارودۆخەکە دەکەن.