ڕۆژنامەی "واڵستریت ژۆرناڵ" ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، گوشارە سەربازییەکان، گەمارۆکان و کێشە ئابوورییەکان بوونەتە هۆی قووڵبوونەوەی جیاوازیی بیروڕاکان لە نێوان بڕیاردەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دیپلۆماتکارێکی ڕێژیم کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاندووە، دوو ڕوانگەی جیاواز لەسەر چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا لە نێوخۆی دەسەڵاتدا دروست بووە؛ ڕەوتێکیان داوای بەردەوامبوونی ڕووبەڕووبوونەوەی واشنگتۆن و بەکارهێنانی گەرووی هۆرمۆز دەکات وەک ئامرازێکی گوشار، لەکاتێکدا ڕەوتەکەی تر هۆشداری لە لێکەوتە ئابوورییەکانی بەردەوامبوونی ململانێکان دەدات و داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان دەکات.
واڵستریت ژۆرناڵ ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، دابەزینی هێزی کڕینی خەڵک و ئەگەری بچووکبوونەوەی زیاتری ئابووریی ئێران کردووە.
سەرەڕای ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی ڕێژیم تا ئێستا بوونی هیچ درز و ناکۆکییەکی نێوخۆییان لەسەر بەڕێوەبردنی قەیرانەکە لەگەڵ ئەمریکا پشتڕاست نەکردووەتەوە و هیچ کاردانەوەیەکی فەرمییان بەرانبەر بەو بانگەشانە نیشان نەداوە.
ئەم ناکۆکییانە لە کاتێکدان کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنگتۆن ڕووی لە زیادبوون کردووە و ئەمەش دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بڕیارەکان هەبێت.