کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی توندی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێم دژی بۆردومانەکانی سەر کوردستان

14:37 - 26 پووشپەڕ 2726

سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئەو هێرشە موشەکییانەی کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی کرانە سەر چەند ناوچەیەکی جیاجیای هەرێمی کوردستانی بە توندی مەحکووم کرد.

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاندووە کە بەئامانجگرتنی دووبارەی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی زنجیرەی توندوتیژییەکان، پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرا و زەقی سەروەریی خاکی عێراق ئەژمار دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوە کە ئەم جۆرە هێرشانە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ و جیددی بۆ سەر ئەمنییەت و سەقامگیریی سەرانسەری وڵات دروست دەکەن.

هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەردەوامبوونی ئەم هێرشە مووشەکییانە دەبێتە کۆسپ و ڕێگرێکی گەورە لە بەردەم سەرجەم ئەو هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییانەی کە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و هێورکردنەوەی بارودۆخەکە لە ناوچەکەدا دەدرێن.

هاوکات سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیەندراوێکدا بە توندی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی مەحکووم کردووە و ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر سەقامگیریی وڵات.

شایانی باسە کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە ٨ دڕۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر هەولێر، کە سەرجەم ئەو هێرشانە لەلایەن سیستەمی بەرگری هاوپەیمانانەوە خرانە خوارەوە و هەروەها لە ئاکامی هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی کۆمەڵە لە سنووری سلێمانی، بەداخەوە ٩ پێشمەرگەی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون.