کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووداو: لە دەستپێکی شەڕەوە زیاتر لە ٩٠٠ مووشەک و دڕۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون

14:40 - 26 پووشپەڕ 2726

تۆڕی میدیایی "ڕووداو" لە بەدواداچوونێکی ئاماریدا ڕایگەیاند کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ٩ی ڕەشەمەوە تاکوو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی ئەمنییەتی بووەتەوە.

لەم ماوەیەدا سەرانسەری هەرێم بە کۆی گشتی ٩٠٤ مووشەک و دڕۆن بۆردومان کراوە، کە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا بەداخەوە ٣٠ کەس شەهید بوون و ١٣٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەبارەت بە دابەشبوونی جوغرافیی هێرشەکان، پارێزگای هەولێر بە ٦١٧ هێرش زۆرترین پشکی بەرکەوتووە، لە دوای ئەویش پارێزگای سلێمانی دێت کە ٢٥٤ هێرشی کراوەتە سەر.

هۆکاری زیانەکانی تریش بۆ پارێزگای دهۆک بە ٣١ هێرش و پارێزگای هەڵەبجە بە ٢ هێرش دەگەڕێتەوە کە زیانێکی زۆریان لێکەوتووەتەوە.

لە نێو شەهیدانی ئەم هێرشانەدا، ١٨ پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوڕی پێشمەرگەیەک، ٧ پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری خەلیفان، کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی هەولێر، دوو هاوسەری سێڤیل لە ماڵەکەی خۆیاندا شەهید بوون.

هەروەها لە ئاکامی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەربازێکی فەڕانسەیی لە هەولێر گیانی لەدەست دا.

لە کۆی ١٣٨ بریندارەکە، ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشمەرگەکانی باشووری نیشتمان، چەند کارمەندی ئاسایش، چەند هێزی فەڕانسەیی و چەندین خەڵکی مەدەنی دەبیندرێن.