سەرۆکی پێشووی شۆرای ئەمنییەتی میللیی ئیسرائیل لە لێداوانێکدا لەبارەی دۆخی هەنووکەیی ڕێژیمی تارانەوە ڕایگەیاند: "ئەوەی ئێستە دەبیندرێت، ئەوپەڕی لاوازیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە بەنیسبەت ڕابردوو".
ئایاڵ هۆلاتا، سەرۆکی پێشووی شۆرای ئەمنییەتی میللیی ئیسرائیل لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی خەبەریی "ئای ٢٤" ڕایگەیاند کە "ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەوەندە لاواز بووە کە دەسەڵاتداریی بەسەر ئێراندا لەدەست داوە".
ناوبراو ڕاشیگەیاند کە بەهۆی گوشارەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر خەڵکی ئێران، ئەگەری زۆرە خەڵک بێنەوە سەر شەقام و بۆ جارێکی دیکە لە دژی ڕاپەڕن.
هۆلاتا زیادیشی کرد کە دەبێت بۆ ئەم دۆخە لە داهاتوودا ئامادەیی تەواومان هەبێت.
شکستە یەک لەدوای یەکەکانی لە شەڕی ١٢ و ٤٠ ڕۆژە لە بەرانبەر ئەمریکا و ئیسرائیل، گەمارۆ ئابووری و دەریاییەکان، قەیرانی ڕەوایی لەنێو کۆمەڵگەی نێونەوەیی، بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن چەندین وڵاتی جیهانییەوە، لەدەستدانی ڕەوایی دەسەڵات لە نێوخۆی ئێران بەتایبەت نەتەوە ستەملێکراوەکان، ناڕەزایەتی و شۆڕشە بەردەوامەکان لەلایەن خەڵکی وەزاڵەهاتوو و دەیان هۆکاری دیکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان گەیاندووەتە بنبەست و ئەوپەڕی لاوازی لە مێژووی دەسەڵاتداریی خۆیدا.