ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک عومەر مەرجان ناسراو بە مەلا عومەری ئەسپەمێز، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات و لەدایکبووی ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی لە گوندی ئەسپەمێزەی سەر بە ناوچەی سوێسنایەتیی شاری سەردەشت، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو کەسێکی دیار، نیشتمانپەروەر، تێکۆشەرێکی دێرین و ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بووە و لە ناوچەی سەردەشتدا بە ڕەوشتبەرزی ناسراوە.
کاک عومەر بۆ ماوەی سی ساڵ لەپاڵ کار و کاسبییەکەیدا، بەردەوام بووە لە خزمەتکردنی بیروباوەڕی کوردایەتی و پاڵپشتیکردنی خەباتی ڕەوای گەلەکەی.
هەروەها ناوبراو بە کەسێکی خاوەن هەڵوێست ناسراوە و لە بەرانبەر بەکرێگیراوان و نەیارانی گەلەکەماندا قسە لەڕوو و بوێر بووە.
کاک عومەر هەتا ئەو کاتە لە ژیاندا بوو لە خزمەتکردن بەردەوام بووە و لە بیروباوەڕی کوردایەتیی خۆی بۆ ساتێک دڵسارد نەبووەتەوە.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ئاوایی ئەسپەمێز و ناوچەکەدا بە خاکی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.