کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەش پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات شەهید بوون

14:29 - 11 پووشپەڕ 2726

لە تێکهەڵچوونی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی شاری ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هێزە دژی‌گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی پیرانشاردا شەش پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات شەهید بوون.

لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا کە شەوی چوارشەممە، ١٠ی پووشپەڕ لە گوندی قزقەپان لە سێ کیلۆمیتری شاری پیرانشار ڕووی دا، شەش پێشمەرگە بە ناوەکانی کارۆ هۆرمزیاری، فەردین چەنگیزی، محەممەد خاکی، عەبدوڵڵا محەممەدپوور، توانا عوسمانی و محەممەدئەمین بایەزیدی شەهید بوون. ئەو دەستە لە پێشمەرگەکان لە کاتێکدا بۆ ئەرکێکی سیاسی و تەشکیلاتی ڕاسپێردرابوون، کەوتوونەتە کەمینی هێزێکی زۆر و کۆک‌وپۆشتەی سپای پاسداران.

ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێ خوێنی گەشی ئەو پۆلە لە پێشمەرگەکانی شار کە لە ناوچەی پیرانشار لە پێناو ئازادیدا تێکەڵ بە خاکی نیشتمان بوو، هەوێنی سەرکەوتنی دواجاری خەباتی حیزب و نەتەوەکەمان بەسەر دیکتاتۆڕیی کۆماری ئیسلامییە. هاوکات پەنابردنی ڕێژیم بۆ سەرکوت و تێرۆر و تۆقاندن، تەنیا نیشانەی زەبوونی، داماویی زیاتر و پەلەقاژەی کۆتایی سیستمێکە کە لە لێواری ڕووخان دایە و لە ترسی تۆڵەی ڕۆڵەکانی نەتەوە، دەستی بۆ تاوانی قێزەون بردووە.

ئێمە لە کاتێکدا سەری ڕێز لە ئاست تێکۆشان و فیداکاریی ئەو نەمرانە نەوی دەکەین، ڕادەگەیەنین خوێنی گەشی ئەم شەهیدانە خوێنبایی ئازادی و هەوێنی گەشەکردنی خەبات و سەرکەوتنی دواجاری گەلەکەمان بەسەر کۆماری ئیسلامی‌دایە و خەڵکی کوردستان و ڕۆڵە خەباتکارەکانی دیکەی نیشتمان ڕێگە نادەن خوێنی بەناحەق‌ڕژاوی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە بەفیڕۆ بچێ.

بژی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد،

نەمری و شانازی بۆ تازەترین شەهیدانی سوورخەڵاتی ناوچەی پیرانشار و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی تەشکیلاتی نهێنی

١١ی پووشپەڕی ١٤٠٥