فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە هێزەکانیان شەوی هەینی بۆ حەوتەمین شەوی لەسەر یەک، لە هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بوون و قۆناغێکی تریان کۆتایی پێ هێناوە.
بەپێی بەیاننامەی سێنتکام، لەم هێرشانەدا کە بە بەشداریی فڕۆکە شەڕکەرەکان، دڕۆنەکان و کەشتییە جەنگییەکان ئەنجام دراون، چەندین ناوەندی چاوەدێری، ژێرخانی لۆجیستیکیی سەربازی، کۆگای ژێرزەوینیی چەک و تەقەمەنی و تواناکانی هێزی دەریایی ئێران کراونەتە ئامانج.
هاوكات ئاماژە بەوەش کراوە کە بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ، گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت و زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئامادەباشیی تەواودان.
لەلایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی ڕێژیم پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لە چەندین شار و ناوچەی باشوور و نێوەڕاستی ئێران وەک بووشێهر، بەندەرعەباس، قشم، سیریک، خوڕەماوا، لارستان، یەزد، ئەهواز، ئومێدیە، جاسک و دوورگەکانی لارک و هۆرمۆز دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
پارێزگاریی هۆرموزگان ڕایگەیاندووە کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکاوە، تونێلی میرزایی لە ڕێگای چوون و هاتندا بە تەواوی داخراوە.
هەروەها پردی ڕووباری شوور لەسەر ڕێگای بەندەرعباس بۆ سیرجان، لەگەڵ پردی سێڕێیانی میناب بەرەو ڕوودان بۆردومان کراون و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان بە تەواوی ڕاوەستاوە.
پارێزگاری بووشێهریش ڕایگەیاند کە دامەزراوەکانی کارەبا و پۆمپەکانی پاڵاوتنی ئاو لە لەنگەرگای گوندی بۆنجی سەر بە شارستانی جاسک کراونەتە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتی ئیرنا، لە پارێزگای هۆرموزگان لانیکەم سێ کەس کوژراون و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.