هاوکات لەگەڵ چڕبوونی ململانێ سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنگتۆن، ئەرتەشی ڕێژیم و سپای تێرۆریستیی پاسداران دەستپێکردنی شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشی مووشەکی و دڕۆنییان بۆ سەر چەندین بنکە و پێگەی ستراتێژی لە وڵاتانی بەحرەین، کوەیت، ئۆردۆن، عەرەبستان و هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
بەپێی بەیاننامە فەرمییەکان، لەم هێرشانەدا پێگەی ئاسمانیی شێخ عیسا و ناوەندی هەواڵگریی "باتێلکۆ" لە بەحرەین، لەپاڵ لەنگەرگای سووتەمەنیی ئەحمەدی و ناوەندێکی موخابراتی هێزەکانی ئەمریکا لە کوەیت کراونەتە ئامانج.
لەلایەکی تریشەوە، هێرشەکان گەیشتنە خاکی عەرەبستان و زەنگی مەترسی لێدرا.
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەتییەکان، ئێران مووشەکێکی بالستیکی ئاراستەی بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی ئەلخەرج کردووە. ئەمە یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر خاکی عەرەبستان لە چوار مانگی ڕابردوودا، کە هاوکات هەڕەشەش لە بەندەری نەوتیی گرنگی یەنبەع دەکات.
هەروەها ئەرتەشی ئۆردۆن ڕایگەیاند کە هێزەکانیان توانیویانە ڕێگری لە ١٠ مووشەکی ئێرانی بکەن کە بە ئاسمانی وڵاتەکەدا تێپەڕیون.
هاوکات لەگەڵ ئەم بۆردومانانەدا، هەرێمی کوردستانیش ڕووبەڕووی هێرشی نوێی مووشەکی و دڕۆنی بووەوە و چەندین ناوچە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی کرانە ئامانج.