کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی ململانێ ناوچەییەکان؛ هێرشی دڕۆنی بۆ سەر هەولێر و سلێمانی

09:50 - 27 پووشپەڕ 2726

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی ڕێژیمی ئێران بووەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، شەوی هەینی بە دڕۆن هێرش کرایە سەر جبەخانەی "تاسڵوجە" لە پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکە کەوتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ١٢٢، لەم هێرشەدا دوو بۆ سێ کەس بریندار بوون کە برینەکانیان سووکە و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

پەیوەست بەم هێرشانە، دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بەتوندی ئەو هێرشانەی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نین لەم شەڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.

هەر لە هەمان شەودا، بە چوار دڕۆن هێرش کرایە سەر شاری هەولێر بەڵام بەر لەوەی ئامانجەکانیان بپێکن لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێکشکێنران و هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە.

بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم شەڕەوە تا ئێستا، هەرێمی کوردستان بە ٩٠٩ دڕۆن و مووشەک بۆردومان کراوە کە بەهۆیانەوە ٣٠ کەس شەهید و ١٤١ کەسی دیکەش بریندار بوون.