لە دوای هێرشەکانی دوێنی هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، سپای پاسداران ڕایگەیاند کە چەند سەربازێکی ئەمریکایی بەهۆی ئەو هێرشانەوە لە بنکەی تەنەفی سووریە کوژراون، ئەرتەشی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو بانگەشەیەی ڕەت کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی پووشپەڕ، سێنتکام لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "بانگەشەی هێزەکانی ئێران لەمەڕ هێرش بۆ سەر بنکەی تەنەف لە سووریە و کوژران یان بەدیلگرتنی هێزەکانی ئەمریکا، درۆیە و دوورە لە ڕاستی".
سێنتکام لەو ڕاگەیەندراوەدا باسی لەوە کردووە کە هیچ هێزێکی ئەمریکایی لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە نە کوژراون و نە بەدیل گیراون.
سپای تێرۆریستیی پاسداران لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا دەنگۆی ئەوەی بڵاو کردەوە کە لە هێرشێکی لەناکاودا بۆ سەر ناوەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی تایبەتیی ئەمریکا لە ناوچەی تەنەفی سووریە، سەرەڕای بەئامانجگرتنی سیستەمی ڕاداریی ئەو بنکەیە، چەند سەربازێکیش کوژراون.
بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و هەواڵی درۆ لەلایەن سپای پاسدارانەوە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمریکا لە دەسپێکی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا ڕایانگەیاندبوو کە بنکەی تەنەفی سووریەیان بەتەواوی چۆڵ کردووە.
زانیارییەکان دەرخەری ئەوەن کە ڕێژیم بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئەمریکاوە زیانێکی گیانی و مادیی ئێجگار زۆری بەرکەوتووە و بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە درۆ و ناڕاستانە تەنیا بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هێزە شکستخواردووەکانیەتی.