کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێمارات و قەتەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانیان مەحکووم کرد

10:29 - 27 پووشپەڕ 2726

لە بەردەوامیی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکاندا، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی قەتەر و ئێمارات لە دوو ڕاگەیەندراوی فەرمیدا، بە توندی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان مەحکووم کرد.

هەردوو وڵات ئەم بۆردومانانەیان بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەزاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد کە دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەمنییەت و سەقامگیریی گشتی لە ناوچەکەدا.

قەتەر جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ناوچەکە لە لێکەوتەکانی ئەم جۆرە هێرشانە بپارێزێت کە هیچ پاساوێکیان نییە و داوای کرد ڕێڕەوی دیپلۆماسی و دانوستاندن بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان بگیرێتە بەر.

هاوکات، ئێمارات هێرشەکەی بە "دوژمنکارانە" ناو برد و ڕایگەیاند کە پەرەسەندنی لەم شێوەیە سەقامگیریی جیهان دەخاتە مەترسییەوە.

لەکۆتاییدا، دۆحە و ئەبووزەبی هاوسۆزیی تەواوی خۆیان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە؛ هەروەها پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرجەم ئەو هەنگاو و ڕێکارە یاسایی و ئەمنییانە دەربڕی کە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئەمنییەت و سەروەری خاکەکەیان دەیگرنە بەر.