لە دوای هەوڵە شەڕەنگێزییەکانی ڕێژیمی تاران دژ بە وڵاتانی ناوچەکە، ئەندامێکی کۆمسیۆنی ئەمنییەتی میللیی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند کە "ئەگەر ئەمریکا هێرشی زەوینی بکاتە سەرمان، لە بەرانبەردا هێرشی زەوینی دەکەینە سەر بەحرەین و کوەیت".
ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕ، ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، ئەندامی کۆمسیۆنی ئەمنییەتی میللیی مەجلیسی ڕێژیم لە لێدوانێکی هەڕەشەئامێزدا وتی: "ئەگەر ئەمریکا دەست بەسەر جەزیرەی خارکیشدا بگرێت، ناتوانێت بیپارێزێت".
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوەش کرد کە "هێزەکانی ئەمریکا لەو جەزیرەیەدا بە زیندوویی دەرناچن".
شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و لە دەسپێکی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا، سەدان جار بە پاساوی بێبنەما هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتانی قەتەر، عەرەبستان، ئۆردۆن، بەحرەین، کوەیت، ئێمارات، سووریە، عێراق و هەرێمی کوردستان و لە ئاکامدا دەیان کەسی بێ تاوان کوژراو و بریندار بوون.
هەروەها ڕێژیمی تاران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە هەتا ئێستا هۆکاری سەرەکیی شەڕ و ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی ناوچەکە و جیهان بووە و بەتێرۆریستناساندنی سپای پاسداران لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە و زۆربەی وڵاتان لەسەر ئەو بڕوایەن هەتا کۆماری ئیسلامی و هێزی تێرۆریستیی سپای پاسداران لەسەرکار بن، ناوچەکە و جیهان ڕووی ئارامی و سەقامگیریی بە خۆیانەوە نابینن.