نۆیەمین کۆنگرەی جیهانیی دژ بە سزای لەسێدارەدان، لەلایەن ڕێکخراوی فەرانسەویی "پێکەوە دژی سزای سێدارە" و بە هاوکاریی دەوڵەتی فەرانسە لە نێوان ٣٠ی ژوئەن تا ٣ی ژووئییە بەڕێوە دەچێت.
ئەم کۆنگرەیە کە سێ ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت، زیاتر لە ١٣٠٠ بەشداربوو، لەوانەش سەرۆکوەزیران، وەزیران، نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پارێزەران، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ٢٠٠ ڕاگەیاندنکاری لە سەرانسەری جیهانەوە کۆ کردووەتەوە.
ئامانجەکانی ئەم کۆنگرەیە بریتین لە بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و زیادکردنی گوشاری سیاسی لەسەر ئەو وڵاتانەی کە لە جێبەجێکردنی لەسێدارەدان بەردەوامن و هەروەها پێشخستنی کردەوەی کۆنکرێتی بەرەو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە سەرانسەری جیهاندا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە، لە وتاری دەستپێکدا تیشکی خستە سەر بەرزبوونەوەی کەموێنەی ئامارەکانی سێدارە لە ئێراندا و ڕایگەیاند: "لە کۆی ٢ هەزار و ٧٠٧ حاڵەتی سێدارە لە جیهاندا لە ساڵی ڕابردوودا، هەزار و ٦٣٩ حاڵەتیان لە ئێران جێبەجێ کراون، ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە لەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٨٩وە."
ماکرۆن سێدارەی بە ئامرازی ڕێژیمە پاوانخوازەکان دژ بە خەڵکی خۆیان وەسف کرد و هاوکات، وەزیری دەرەوەی فەرانسە جەختی کردەوە کە هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە ئامانجی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەتی.
لە پانێلێکی تایبەت بە دۆخی ئێراندا، خاتوو سارا حوسەین، سەرۆکی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان و مای ساتۆ، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، وتاریان پێشکەش کرد و پرسی سێدارەیان تاوتوێ کرد.
لەم چوارچێوەیەدا، خاتوو شنە ڕەزابی، نوێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ژێنێف، داوای کۆتایهێنان بە سیاسەتی هێورکردنەوە و سازانی یەکیەتیی ئورووپای بەرامبەر تاران کرد و داوای کرد مافی مرۆڤ، بە تایبەت مافی نەتەوە و کەمینە ئایینییەکان، ببێتە مەرجی بنەڕەتیی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەگەڵ ئێراندا.
ناوبراو هۆشداریی دا کە چاوپۆشین لە پێشێلکارییەکان لەپێناو بەرژەوەندیی ئابووریدا، دەبێتە هۆی توندوتیژی و ئاوارەیی زۆرەملێ.