کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێپلێر: هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز بۆ نزمترین ئاست دابەزی

10:56 - 27 پووشپەڕ 2726

بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای کێپلێر بۆ زانیارییە دەریاییەکان، بەهۆی توندبوونی هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و وڵامدانەوەی تاران، هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز بۆ نزمترین ئاستی سێ حەفتەی ڕابردوو دابەزیوە.

داتاکانی کۆمپانیای کێپلێر دەریدەخەن کە ڕۆژی پێنجشەممە تەنیا ٨ کەشتی بەو گەرووە ستراتێژییەدا تێپەڕیون.

هاوکات فاتیح بیرۆڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداری دا کە ئەگەر کێشەی گەرووی هۆرمۆز لە چەند حەفتەیەکی کەمدا چارەسەر نەکرێت، ئەمنییەتی وزەی جیهانی ڕووبەڕووی مەترسییەکی جیددی دەبێتەوە.

بیرۆڵ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاژانسەکەیان لە مانگی مارسی ڕابردوودا ٤٠٠ میلیۆن بەرمیل نەوتی لە پاشەکەوتی ستراتێژی ئازاد کردووە، بەڵام جەختی کردەوە ئەم ڕێکارانە بۆ هەمیشە بەردەوام نابن و پێویستە ئەو گەرووە بە تەواوەتی و بێ مەرج بە ڕووی کەشتییەکاندا بکرێتەوە.

گرژییەکان لە گەرووی هۆرمۆز پاش دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە هەڵکشان کردووە.