کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا دەیان فڕۆکەی سووتەمەنی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات

11:05 - 27 پووشپەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاکسێوس، ئەمریکا پێش ئەگەری فراوانبوونی مەودای شەڕی ئێران، دەیان فڕۆکەی سووتەمەنی ڕەوانەی ئیسرائیل دەکات؛ هەنگاوێک کە بە وتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکایی، دەکرێت بەستێن بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانتر دژ بە ئێران خۆش بکات.

ڕۆژی هەینی ئاکسێوس لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکاییەوە ڕایگەیاند، دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ دوای کۆبوونەوەیەک کە تێیدا پلانەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی لە ئێران پێگەیشت، ئیسرائیلی لە ناردنی ئەم فڕۆکانە ئاگادار کردووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پلانە پێشکەشکراوەکان بریتی بوون لە بۆردومانکردنی ژێرخانە گرنگەکانی ئێران، لەوانەش وێستگەکانی کارەبا و زیادکردنی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، لەنێویاندا سایتی ژێرزەمینیی کێوی "پیکاکس".

ئاکسێوس ڕایگەیاندووە کە ترامپ هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەم بوارەدا نەداوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، هێرشەکانی ئەمریکا لە ڕۆژی هەینیدا ژێرخانەکانی ئێران، بەتایبەتی ژمارەیەک پردی لە باشووری ئێران کردە ئامانج و لەنێوی بردن.