کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمارکردنی بەرزترین نرخی مێژوویی؛ دۆلار ١٩١ هەزار تمەنی تێپەڕاند

14:03 - 27 پووشپەڕ 2726

نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی تاراندا لە یەکەم کاتژمێرەکانی مامەڵەکانی ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی پووشپەڕدا، بە تێپەڕبوونی لە ١٩١ هەزار تمەن، پێوانەیەکی مێژوویی نوێی تۆمار کرد.

بە تۆمارکردنی ئەم ژمارەیە، دۆلار لە بەرزترین ئاستی نرخی خۆی لە مانگی بانەمەڕیش تێپەڕی. پێوانەی پێشوو و تێپەڕبوونی دۆلار لە ١٩٠ هەزار تمەن، لەگەڵ دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ هاوڕێ بوو؛ هەنگاوێک کە بووە هۆی ڕاگرتنی کڕین و فرۆشتنی دراو لە نووسینگە فەرمییەکانی گۆڕینەوەی دراو و سنووردارکردنی چڕ لە مامەڵە تاکەکەسییەکاندا.

دوای ئەوە، نرخی دراو بۆ ماوەیەک دابەزی، بەڵام لە حەفتەی ڕابردووەوە پرۆسەی بەرزبوونەوەی دووبارە دەستی پێکردەوە و دۆلار کە لە سەرەتای حەفتەی ڕابردوودا لە سنووری ١٧٩ هەزار تمەندا مامەڵەی پێوە دەکرا، ئێستا گەیشتووەتە ئاستێکی بێ‌وێنە.

بەردەوامیی سیاستە شەڕخوازانە و ناوچەیییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە پاڵ بەڕێوەبردنی ناکارامەی ئابووری و گەندەڵی بەربڵاو، ئابووری ئێرانی گەیاندووەتە لێواری داڕمان و ئەنجامەکەشی جگە لە زیادبوونی هەژاری، دابەزینی بەرچاوی توانای کڕین و سەپاندنی گوشاری ڕۆژ لەدوای ڕۆژی بژێوی بەسەر خەڵکدا، هیچی تری لێ نەکەوتووەتەوە.