شۆرای سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن ڕایگەیاند کە کاتی گرتنەبەری ڕێکاری یەکلاکەرەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە دەستی حوسییەکان هاتووە.
عوسمان مەجالی، ئەندامی ئەو شۆرایە ڕایگەیاند کە تێچووی ئاشتی لەگەڵ حوسییەکان زۆر زیاتر لە تێچووی ڕووبەڕووبوونەوەیانە. عەبدوڕەحمان مەحرەمی، ئەندامێکی تری شۆوراكە جەختی کردەوە کە هێزەکانیان بۆ شەڕێکی چارەنووسساز ئامادەن.
لە بەرانبەردا، گرووپی حوسییەکان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و لە لیستی تیرۆری جیهانیدان، هۆشدارییان دا کە بەردەوامیی گەمارۆکان بەواتای شەڕێکی گشتگیرە.
ئەم گرژییە هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" کە تێیدا هاتووە، ڕێژیمی ئێران داوای لە حوسییەکان کردووە لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانەکانی ئێران، ڕێڕەوی دەریای سوور دابخەن.
گەرووی بابولمەندەب کە دەکەوێتە دەروازەی دەریای سوور، وەک یەکێک لە شادەمارە سەرەکییەکانی بازرگانیی جیهانی دادەنرێت و داخستنی دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئابووریی نێودەوڵەتی.