کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی بەحرەین: ئێران بە ئەنقەست خەڵکی ئاسایی دەکاتە ئامانج

14:07 - 27 پووشپەڕ 2726

لە درێژەی هەڵوێستی توندی وڵاتانی کەنداو لەمەڕ هێرشی سەرەڕۆیانەی ڕێژیمی تاران بۆ سەر وڵاتەکانیان، فەرماندەیی گشتیی ئەرتەشی بەرگریی بەحرەین ڕایگەیاند، "ئێران لە هێرشەکانی بەردەوامە و بە ئەنقەست خەڵکی مەدەنیی شانشینی بەحرەین دەکاتە ئامانج".

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی پووشپەڕ، شێخ خەلیفه بێن ئەحمەد ئال خەلیفه، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی بەرگریی بەحرەین لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی شانشینی بەحرەین بەرپەرچی چەند هێرشێکی ئێرانیان داوەتەوە و هێرشەکانیان تێکشکاندووە".

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ڕێژیمی ئێران بە شێوەی ئامانجدار لە سیاسەتە دوژمنکارییەکانی بەرانبەر بە بەحرەین بەردەوامە، بەڵام هێزی بەرگریی بەحرەین بە هەموو توانا سەربازییەکانییەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەڵامەتیی هاووڵاتییانی لە ئامادەباشیدایە.

موشیر شێخ خەلیفە لەو کۆبوونەوەدا وێڕای ئاگادارکردنەوەی خەڵکی بەحرەین لە مەترسییەکانی هێرشی بێبەزەییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتەکەی، پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە "ئێران لە هێرشەکانیدا بەئەنقەست بە مووشەک و درۆن خەڵکی مەدەنی و دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان دەکاتە ئامانج، ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەڵەتی و مافەکانی مرۆڤە".

پێشتریش وڵاتانی دیکەی کەنداو وەک قەتەر، ئێمارات، عەرەبستان و کوەیت هێرشی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمیان بۆ سەر خەڵکی ئاسایی وڵاتەکەیان بە توندی مەحکووم کرد و لەوبارەوە هۆشداریی جیددییان بە بەرپرسانی ڕێژیمی تاران داوە.

هەر لەو پێوەندییەدا لە سەرەتای شەڕی ٤٠  ڕۆژەوە بەهۆی هێرشەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئەم پارچەیەی کوردستان، پتر لە ٣٠ کەس شەهید و زیاتر لە ١٤١ کەسیش بریندار بوون.