لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ گەیاندنی دۆسییەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، ڕۆژی هەینی ١٧ی ژوئیەی ٢٠٢٦، کۆبوونەوەیەکی کاری و دیپلۆماسی لە نێوان خاتوو شەیدا ویجدانی، نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەرانسە و خاتوو ئایدا هادیزادە، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی فەرانسە، لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە لە پاریس بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، نوێنەری یەکیەتیی ژنان چەند ڕاپۆرتێکی یاسایی و مافی مرۆڤیی بە مەبەستی گەیاندنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارلەمانی فەرانسە بە زمانی فەرەنسی پێشکەش کرد.
ڕاپۆرتەکان تیشکیان خستە سەر پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ، دۆخی بەندکراوانی سیاسی و توندوتیژیی دەوڵەتی دژ بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەروەها هۆشدارییان لەسەر مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی هەندێک لە زیندانییانی سیاسیی ژنی کورد دا، لەوانە: وریشە مورادی، کە سەرەڕای ئەوەی حوکمی سێدارەی بەسەردا سپێنراوە، لە مافە بنەڕەتییەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی، کە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە. زەینەب جەلالیان، کۆنترین زیندانیی سیاسیی ژن لە ئێران، کە هێشتا لەژێر گوشاردا دەژی و تەنانەت لە مافی چارەسەری پزیشکیی گونجاو بێبەشە.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی مافی مرۆڤ دوای خۆپیشاندانەکان تەرخان کرا. لەو چوارچێوەیەدا باس لە دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی ژنان، ڕاگرتنیان لە ناوەندە نالەبارەکانی دەسبەسەرکردن و هەروەها پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کرا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگا و کەمپەکانی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی پێشمەرگە کرا.
نوێنەری یەکیەتیی ژنان ئاماژەی بەوە کرد کە بە ئامانجگیرانی شوێنە مەدەنییەکان، وەک قوتابخانە و ناوەندە تەندروستییەکان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، پێویستی بە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی هەیە. هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی ئاوارەبوونەوەی ژنان و منداڵان و لێکەوتنەوەی خەساری گەورەی مرۆیی.
لە بەشی کۆتایی دیدارەکەدا، خاتوو شەیدا ویجدانی پرۆژەیەکی هاوبەشی لەژێر دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» پێشکەش کرد.
ئامانجی ئەم پرۆژەیە پتەوکردنی هاوکاریی نێوان یەکیەتیی ژنانی دێموکرات و ئەندامانی پەرلەمانی فەرانسە و دروستکردنی مێکانیزمێکی بەردەوام بۆ گەیاندنی دەنگی ژنانی کوردستان و دۆسییەی زیندانییانی سیاسی بۆ ناوەندە بڕیاردەرە نێودەوڵەتییەکانە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، خاتوو ئایدا هادیزادە پشتیوانیی خۆی لە گرنگیی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتانە دەربڕی.
پاشان، لەگەڵ خاتوو شەیدا ویجدانی گەشتێکی کارییان لە هۆڵەکانی پەرلەمانی فەرانسە ئەنجامدا و سەردانی پەیکەری ژینا ئەمینییان کرد، کە وەک هێمایەک بۆ بزوتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ئەنجومەنی نیشتمانیی فەرانسە داندراوە.