کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییە باڵاکانی عێراق ‌هێرشەکانی ڕێژیمی تاران بۆ سەر هەرێمی کوردستانیان مەحکووم کرد

15:49 - 27 پووشپەڕ 2726

لە درێژەی کاردانەوەی بەرپرسانی باڵای عێراق بەنیسبەت هێرشە دوژمنکارانە و سەرەڕۆیانەی ڕێژیمی تاران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەیاد عەلاوی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و چەند بەرپرسی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە بە توندی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ سەر سەروەریی خاکی کوردستان بەتوندی مەحکووم کرد.

ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی پووشپەڕ، ئەیاد عەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق هێرشەکانی ڕێژیمی تاران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی بە "پێشێلکارییەکی گەورە بۆ سەر سەروەریی عێراق" لەقەڵەم دا.

عەلاوی ڕایگەیاند کە ئەم کارانە هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە.

ناوبراو جەختی لەسەر کردەوە کە "پێویستە ڕووبەڕووی هەر لایەنێک ببینەوە کە بیەوێت ئاسایشی ناوچەیەکە تێک بدات".

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بەتوندی ئەو هێرشە دڕۆنییانەی سەر شاری هەولێری پێتتەختی هەرێمی کوردستانی مەحکووم کرد.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەم کارەی بە "هەوڵێکی تاوانکاری" وەسف کرد کە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتییە.

هەر لەو پێوەندییەدا زەیدی فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتی فیدراڵ دا کە بە زووترین کات لەگەڵ هێزە ئەمنییەتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە هاواهەنگی بکەن.

هاوکات، بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە پەیامی سیاسیی نەرێنین و لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نین.

 سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "هێرشە بێ پاساوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین و بەردەوامیی ئەم هێرشانە، سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە تێک دەدات".

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە "داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین، کۆتایی بەم هێرشانە بهێنێت و داوا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەین سنوورێک بو ئەم پێشێلکارییانە دابنێن".

شایانی باسە ڕۆژی ڕابردووش، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەو بارەوە ڕایگەیاند: "بەتوندی سەرکۆنەی هێرشه‌کانی سەر هه‌رێمى كوردستان دەکەین. به‌ئامانجگرتنى هه‌رێمى كوردستان و دەستپێکردنەوەی توندوتیژی، پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی عێراقە".

هەروەها سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو بڕوایە کە "ئەم هێرشانە هەڕەشە لە سەقامگیریی وڵات دەکەن و کۆسپ دەخەنە بەردەم هەوڵه‌كانى ئاشتی لە ناوچەکەدا".

ئەم مەحکوومکردنە دوای ئەوە دێت لە شەوانی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران دەیان جار هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی توندی کردە سەر هەرێمی کوردستان و لە ئاکامدا هێزەکانی هاوپەیمانان توانیان لە ئاسمانی هەولێردا زۆربەیان تێکبشکێنن و بیانخەنە خوارەوە.