نزار ئامێدی سەرککۆماری عێراق بەنیسبەت هێرشی جیناتەتکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژکردەوەی نیشان دا و بەتوندی مەحکوومی کرد.
ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی پووشپەڕ، نزار ئامێدی سەرۆککۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکدا هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیمی تارانی بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان زانی و ڕایگەیاند: "ئەو هێرشانە بۆ قەبووڵکردن نابن".
نزار ئامێدی ئەو هێرشانەی بە مەترسیی دژی ئەمنییەت و ئارامیی خەڵکی کوردستان ناو برد.
ناوبراو ڕاشیگەیاند کە وەها هەوڵێک قەبووڵ ناکەین کە عێراق بکاتە گۆڕەپانی شەڕی ناوچەیی.
سەرۆککۆماری عێراق زیادیشی کرد کە عێراق پێداگری لەسەر پێوەندییەک دەکات کە ڕێزی دوولایەنە و دراوسێیەتیی تێدا ڕەچاو کرابێ.
هەروەها لە بەردەوامیی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکاندا، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی قەتەر و ئێمارات لە دوو ڕاگەیەندراوی فەرمیدا، بەتوندی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان مەحکووم کرد.
هەردوو وڵات ئەم بۆردومانانەیان بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەزاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد کە دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەمنییەت و سەقامگیریی گشتی لە ناوچەکەدا.
هەر لەو پێوەندییەدا، دۆحە و ئەبووزەبی هاوسۆزیی تەواوی خۆیان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە؛ هەروەها پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرجەم ئەو هەنگاو و ڕێکارە یاسایی و ئەمنییانە دەربڕی کە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئەمنییەت و سەروەری خاکەکەیان دەیگرنە بەر
ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕ، هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ٩ مووشەک و دڕۆنەوە چەند بنکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە سنووری شاری سلێمانی کردە ئامانج و بەداخەوە ٩ پێشمەرگە شەهید و چەند پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.