کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە ڕۆژاوای کانادا

09:14 - 28 پووشپەڕ 2726

ڕۆژی شەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥( ١٨ی جوولای ٢٠٢٥)، ، لە سی و حەوتەمین ساڵی شەهیدکردنی ڕێبەری نەمری گەلی کورد، د. عەبدولڕەحمان قاسملوودا، کۆمیتەی حیزب لە ڕۆژاوای کانادا ڕێورەسمێکی تایبەتی بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامان و لایەنگران، چالاکوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هاوڵاتییانی دانیشتووی ڕۆژاوای کانادا بەڕێوە برد.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد. پاشان، بەڕێز کۆزاد ویژە، پەیامی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی خوێندەوە و تیشکی خستە سەر مانا و پەیامی ئەم یادە و گرینگیی بەردەوامبوونی ڕێبازی د. قاسملوو لە خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادی، دێموکراسی و مافە نەتەوەییەکانی. هەروەها وێڕای دەربڕینی ڕق و بێزاری لە کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەلایەن کۆمیتەی حیزبەوە پرسە و هاوخەمیی بۆ دوایین شەهیدانی کوردستان، پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە و پاک و گەریلا شەهیدەکانی پژاک دەربڕی.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەدا، بەڕێز “پەری وەیسی”، خوشکی شەهیدان موجتەبا و مەیسەم وەیسی، پەیامێکی پڕ نێوەڕۆکی پێشکەش کرد. ئەو، لەگەڵ ڕێزگرتن لە یادی د.عەبدولڕەحمان قاسملوو، یادی برا شەهیدەکانی کردەوە و ڕایگەیاند ئەو دوو برا شەهیدە تەنیا بە تاوانی دڵسۆزی بۆ زمان و نەتەوە و خاکی کوردستان شەهید کران و ئاماژەی بەوە دا کە ڕێگای شەهیدان بە یەکگرتوویی و بەردەوامیی ئەو خەباتە درێژەی پێدەدرێ و بە ئاکام دەگات.
لە درێژەی ئەو ڕێورەسمەکەدا، ژنانی دێموکرات؛ بەڕێزان “بەیان کورد فەرشی”، گوڵالە زەمانی و نەشمیل عەبدی، پانێلێکی تایبەتی و داهێنەرانەیان بە ناونیشانی «ڕوانگە سیاسییەکانی دوکتۆر قاسملوو» بە سێ زاراوەی “کورمانجی، سۆرانی و هەورامی” پێشکەش کرد. لەو بابەتەدا، بە شێوەیەکی ورد و زانستی، هزری سیاسی، فەلسەفەی ڕێبەری، باوەڕمەندبوون بە دێموکراسی، چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و گرنگیی دیالۆگ و تێگەیشتن لە ڕوانگەی د. قاسملوو شی کرایەوە.
کچە خوێندکاری کورد “ژینۆ کەریمی”، وتارێکی بەهێز و ئاکادێمیکی بە شێوەی پاورپۆینت و سەرنجڕاکێش بە زمانی ئینگلیزی لەسەر کاریگەری و ڕێبەریی بلیمەتانەی د. قاسملوو پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا باسی ئەو چەمک، بیرۆکە و بنەما هزرییانەی کرد کە دوكتور قاسملوو هێنایە ناو سیاسەتی کورد. د. قاسملوو بەها و پرەنسیپی وەک دێموکراسی، یەکسانی، مافی مرۆڤ، دیالۆگ و گفتوگۆی سیاسی ناساند و شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردی خستە سەر ڕێچکەیەکی دروست، مۆدێڕن و شکۆدار. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەر بۆیەشە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣٧ ساڵ، ناوی قاسملوو هێشتا لە شەقام و کۆڵان و مەیدانەکانی کوردستاندا دەوترێتەوە و بە دروشمی «قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە"، بە تایبەت جیلی لاو درێژەدەری ڕێگای قاسملوون و هەوڵ دەدەن كە لەسەر ئەو ڕێبازە پێروزە بەردوام بن و هەوڵ بۆ ڕزگاریی گەلەكەیان بدەن.
لە بەشی کۆتایی بەرنامەکەدا، ئیسماعیل ئیبراهیمی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کانادا، وتارێکی تایبەتی لەسەر کەسایەتیی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو وەک مرۆڤ، بیرمەند و ڕێبەر پێشکەش کرد. لەو وتارەدا، ئاماژە بەوە کرا کە د. قاسملوو، بۆ نزیکەی سێ دەیە، ژیانی تاکەکەسی، ئاسایشی خێزان و هاوسەر و منداڵەکانی لەپێناوی خزمەت بە گەل و نیشتمان تەرخان کرد و نرخی گەورەی بۆ ئازادیی گەلەکەی دا. وتارەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەرکی ئێمە تەنها ئەوە نییە یادی د. قاسملوو بکەینەوە، بەڵکوو پێویستە زیاتر لە هزر، فەلسەفە، بیرکردنەوە و ڕێبازەکەی تێبگەین و بیناسین. وەک لە کۆتایی وتارەکەدا هات: «کەسێک کە تەنیا یادی دەکرێتەوە، لە ئاکامدا لەبیر دەچێتەوە؛ بەڵام ئەگەر بناسرێت و هزر و ڕێبازەکەی شی بکرێتەوە، دەبێتە ئەستێرەیەکی پرشنگدار، دەبێتە شانازیی و ویژدانی گەل.»
شایانی باسە لەم ڕێوڕەسمەدا، بەڕێز تۆم کێمیچ، ئەندامی پارلەمانی کانادا و جێگری سەرۆکی پارلەمان، بەشداری کرد. بەڕێز کێمیچ وەک دۆستێکی گەلی کورد ناسراوە و بەشداری و ئامادەبوونی لەم یادەدا نیشانەی پشتیوانیی لە بەهاکانی دێموکراسی، مافی مرۆڤ و مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان بوو.