بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، هاونیشتمانییەکی خەڵکی بۆجنووردی خۆراسان بە ناوی حەمزە ئەحمەدی تەراقی لەلایەن هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە هاوکات چەندین سزای قورسی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا"، حەمزە ئەحمەدی تهراقی، لاوی کوردی کرمانجی خەڵکی بۆجنوورد کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، لە ڕەوتی دادگاییەکی نادادپەروەرانەدا، سێ سزای بەندکران، لێدانی قامچی و دوورخرانەوەی زۆرەملێی بەسەردا سەپێندرا.
کوردپا لەوبارەوە نووسیویەتی: "ئەو بەندکراوە کوردە، لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا لە دوو دۆسییەسازیی جیاوازدا لە دادگاکانی ئینقلابی ڕێژیم و تاوانەکانی بۆجنوورددا بە چوار تۆمەت، بە ۲ ساڵ بەندکرانی داسەپاو، ۱۴۸ قامچی و ساڵێک دوورخستنەوە بۆ شاری «زێهەک» لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان مەحکووم کراوە".
شایانی باسە حەمزە ئەحمەدی تەراقی لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی بەناو دادگاییکردنەکەیدا، لە مافی بوونی پارێزەر بێبەش بووە.
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە موجتەبا نۆدەهی هاونیشتمانیی کورد و خەڵکی بۆجنوورد و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە هاوکات سێ سزای قورسی بەسەردا سەپێندراوە.
سزای سێ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، لێدانی ٧٤ قامچی و پێبژاردنی سەد میلیۆن تمەن سزای نەختی ئەو سزایانەن کە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم بەسەر ئەو هاونیشتمانییەدا سەپاندووە.
شایانی باسە لە دوای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی مانگی بەفرانبار، گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر چالاکانی مەدەنی، هونەری، فەرهەنگی و ئەدەبیی خۆراسان بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە و هەتا ئێستاش ڕەوتی دەسبەسەرکران و سەپاندنی سزای قورس بۆ سەر ئەو هاونیشتمانییانەدا درێژەی هەیە.