کاناڵی ١٣ی ئیسرائیل لە زاری چەند بەرپرسی باڵای ئیسرائیلەوە ڕایگەیاند؛ ئەمریکا بۆ هێرشێکی بەربڵاو دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی ئامادەکاریی تەواودایە و بۆ ئەو مەبەستەش ١٠٠ فڕۆکەی سووتەمەنیبەری ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی دوێنی شەممە ٢٧ی پووشپەڕی کاناڵی ١٣ی ئیسرائیل، هەڵسەنگاندنەکانی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل نیشانی دەدات کە دۆناڵد ترامپ دوای یەک حەفتە لە هێرشەکانی دژ بە ڕێژیمی تاران دەیهەوێت بازنەی هێرشەکانی بەربڵاوتر و کاریگەرتر بکات.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە کاناڵ ١٣ی ڕاگەیاندووە کە "بەرپرسانی تاران هەوڵی زۆر ئەدەن کە ئیسرائیل نەچێتە نێو ئەو شەڕەوە، بەڵام ئەگەر ئەمریکا هێرشەکانی پەرە پێ بدات، دۆخەکە دەگۆڕدرێت".
هەر لەو پێوەندییەدا، باڵوێزی ئەمریکا لە ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتییانی خۆی کرد کە لە هاتن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئیسرائیل بەتایبەتی خۆیان ببوێرن.
بەرپرسانی ئیسرائیلی پێشتریش ئامادەیی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دیکە دژی ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە و ڕایانگەیاند کە "ئەگەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەر هەڵەیەک لە دژی ئیسرائیل و خەڵکەکەی ئەنجام بدەن، ئەوا بە توندی وڵامیان دەدەینەوە".