فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە بۆ هەشتەمین شەوی لەسەریەک، دامەزراوەکانی چاوەدێریی کەناراوەکان، بەرگریی ئاسمانی و کۆگاکانی مووشەک و دڕۆنی ڕێژیمی ئێرانی بە سەرکەوتوویی کردووەتە ئامانج.
سێنتکام بەهۆی هێرش بۆ سەر سەربازانی لە ئۆردۆن کە تێیدا دوو سەربازی ئەمریکا کوژران و یەکێکی تر بێسەروشوێن بوو ئەم هێرشانەی وەک "سزایەکی خێرا" ناو برد، تا توانای تاران بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتیوانیی گەرووی هۆرمۆز لاواز بکات.
میدیا فەرمییەکانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە کە چەندین ناوچە لە هۆرمۆزگان لەوانەش سیریک، حاجیئاباد و دوورگەی قشم کراونەتە ئامانج و دەنگی تەقینەوە لە بەندەرعەباس بیستراوە و هەروەها هێرش کراوەتە سەر خاڵێک لە دەوروبەری شادگانی خووزستان.
لە بەرانبەردا، ئەرتەشی ڕێژیم بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە بە دڕۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی بەرفراوانی کردووەتە سەر کۆگای تەقەمەنیی ئەمریکا لە ئۆردووگای عودەیری و سیستەمەکانی ڕادار لە بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم لە کوەیت.
هاوکات بۆ چەندەمین شەوی لەسەر یەک، هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هەولێریش بەهۆی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە چالاک بوو.