هاوکات لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و سەربازیی نێوان واشنگتۆن و تاران، نرخی دۆلار و دراوە بیانییەکان لە ئێران بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانن.
نرخی دۆلاری ئەمریکا لە بازاڕی ئازادی ئێراندا ڕیکۆردێکی نوێی تۆمار کرد و گەیشتە سەرووی ١٩٥ هەزار تمەن و نرخی پۆندی ئینگلیس بۆ ٢٦٣ هەزار تمەن و یۆرۆ بۆ ٢٢٤ هەزار تمەن بەرز بوونەوە.
لە بازاڕی زێڕدا، نرخی هەر گرەمێک زێڕی ١٨ عەیار گەیشتووەتە نزیکەی ١٩ میلیۆن و ١٣٨ هەزار تمەن و هەر مسقاڵێک زێڕیش گەیشتووەتە نزیکەی ٨٢ میلیۆن و ٨٩٥ هەزار تمەن.
نرخی سکەش یەک میلیارد و ٩٠٠ میلیۆن و ٥٠ هەزار ڕیاڵ تۆمار کراوە، کە یەکسانە بە زیاتر لە ١٩٠ میلیۆن تمەن.
ئەم بازدانە کتوپڕەی نرخی دراو دوای خولی نوێ لە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە و ئەم دۆخەش بازاڕی دراوی لە ئێراندا ڕووبەڕووی شڵەژانێکی بێوێنە کردووەتەوە.