کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێلێگراف: هێرشەکانی ئەمریکا نیوەی بازرگانیی ئێرانی پەکخستووە

14:31 - 28 پووشپەڕ 2726

ڕۆژنامەی "تێلێگراف"ی بریتانیا ڕۆژی شەممە ٢٧ی پووشپەڕ بڵاوی کردەوە کە بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر پرد و هێڵەکانی شەمەندەفەر، بوونەتە هۆی دابڕانی تەواوەتیی بەندەرعەباس لە ناوچەکانی دیکەی ئێران، ئەمەش ئەگەری پچڕانی نزیکەی نیوەی کۆی بازرگانیی ئەو وڵاتە دروست دەکات.

ئەم شارە گرنگییەکی ستراتێژیی هەیە چونکە گەورەترین بنکەی دەریایی ئێرانی لێیە و سەرپەرستیی گەرووی هۆرمۆز دەکات.

مایکل ڕۆبین، بەرپرسی پێشووی پێنتاگۆن ڕایگەیاند دەوڵەتی ترامپ گۆشەگیرکردنی بەندەرعەباس بە پێویست دەزانێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەمنییەتی دەریایی؛ چونکە بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان، پێنتاگۆنی گەیاندووەتە ئەو باوەڕەی بژاردە سەربازییە سنووردارەکان چیتر بەس نین.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان کە سێنتکام لە هێرشەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بەردەوامە و لە بەرانبەریشدا کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە تاران پێبەندبوونی خۆی بە یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان بەتەواوی ڕاگرتووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ چوونە ناو قۆناغێکی مەترسیدارتر لە گرژییەکان.