هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئیسرائیل هەنگاوەکانی خۆی بۆ ئەگەری بەرفراوانبوونی ململانێکان و دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی زیاد کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم"، سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئیسرائیل ڕۆژانە کۆبوونەوەی ئەمنییەتی ئەنجام دەدەن و سیناریۆ جیاوازەکان تاوتوێ دەکەن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەیان فڕۆکەی سووتەمەنی پێدەری سەربازیی ئەمریکا لە بنکەکانی عەوودا و ڕامۆن جێگیر کراون و ژمارەیەک فڕۆکەی ئەمریکاش لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن جێگیرن.
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەرتەشی وڵاتەکەی لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدایە و لە ئەگەری هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە، وڵامی ئیسرائیل زۆر توندتر دەبێت لە هێرشەکانی پێشوو.
بەرپرسی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیلیش جەختی لەسەر ئامادەباشیی تەواوی هێزە سەربازییەکان کردووەتەوە.
ئەم جووڵانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە بەرپرسانی ئیسرائیل پێشبینی دەکەن شەڕ لەگەڵ ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا بچێتە قۆناغێکی بەرفراوانترەوە.