کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی لەسێدارەدانی خێرای ١٢ لاو لە زیندانی دەستگردی ئێسفەهان

14:35 - 28 پووشپەڕ 2726

١٤ زیندانی لە زیندانی دەستگردی ئێسفەهان بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترانەوە، ئەمەش مەترسیی لەسێدارەدانی ١٢ تۆمەتباری دۆسییەی "مەیدانی عەلیخانی"ی زیاتر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەم گواستنەوەیە بەیانیی شەممە ٢٧ی پووشپەڕ بە شێوەیەکی توندوتیژییەوە ئەنجام دراوە کە نیشانەی قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردنی سزاکانە.

لە نێوان ئەم زیندانییانەدا، ١٢ کەسیان لە سزادراوانی دۆسییەی ناسراو بە "مەیدانی عەلیخانی ئێسفەهان"ن کە پێشتر سزای لەسێدارەدانیان لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پەسند و بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی دادگای ئینقلابی ئێسفەهان کرابوو.

دوو زیندانیی دیکەش هاوکات بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە، بەڵام ناسنامە و زانیارییەکانی دۆسییەکەیان هێشتا ڕانەگەیەندراوە.

ئەو ١٢ زیندانییەی کە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە بریتین لە: "عەلیڕەزا سپاهی، ئەبولفەزل سپاهی، قائم حوسێنی، گوڵ‌محەممەد محەممەدی، شێروین باقریان، عێرفان ئێسفەندیاری، ئەمیرحوسێن سەفەری، ئەمیرحوسێن مەلەکی، عەلی دەشتی، ئەبولفەزل ئیبراهیمی، عەلیڕەزا ڕەئیسی و ئەمیرحوسێن ئیبراهیمی ئەنالۆچە."

ئەم دۆسییەیە پەیوەستە بە خۆپیشاندانەکانی ١٨ی بەفرانبار لە ئێسفەهان کە تێیدا ڕێژیم ڕایانگەیاند چوار هێزی بەسیج و یگان ویژە کوژراون. دواتر ٥٩ کەس دەسبەسەر کران کە ١٢ کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

لە کاردانەوەدا، زیندانییانی سیاسیی بەندی "سەلامەت ٢" لە زیندانی دەستگرد، لە دژی ئەم بڕیارە و بۆ پاڵپشتی لە سزادراوان مانگرتن لە خواردنیان ڕاگەیاندووە.